رۆشنا ئیبڕاهیم عوسمان
قوتابی قۆناغی چوارەم
بەشی مێژوو، زانکۆی سۆران
پێویستە خەباتی ئافرەتاننی کوردستان بەگشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەتایبەتی، لەپێناو هەموو لایەنەکانی ژیان زیندووبکرێتەوە، شوکریە دێوانە ئەو ئافرەتی بەقەڵەم خەباتی کردووە:
شوکریە محەمەد ئەمین، ئەو ئافرەتەی دەشێت وەک نموونەی مامۆستایێکی ورەبەرز و کۆڵنەدەر و خەباتکەر لە پێناو قەڵەم ناوی بهێنرێت، کۆسپ و تەگەرە و ژینی ناخۆشی مامۆستا شوکریە، گەواهین لەسەر دڵسۆزیەکەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە کوردستان، کە بەهۆی سیاسەت و تێکۆشان چوار بەندیخانەی بینیوە، ماوەی پێنج ساڵ بێ سەرو شوێنکراوە، پێنج ساڵیش لە پیشەی مامۆستایی دوورخراوەتەوە، شکاندنی هەموو ئەو نەریتە باوانەی لەسەردەمانی کۆن رێگربوونە لە خوێندنی کچان، لەو مەیدانە بۆتە نموونەی مامۆستایەکی ئافرەتی خاوەن هێزێکی پۆڵاین و خەباتگێرێکی هاوشانی پیاوان.
مامۆستا شوکریە کە بە شوکریە دێوانە و دایکی ئامێز ناسراوە، لەساڵی ١٩٣٧ لە رواندز لە دایک بووە، قۆناغی سەرەتای خوێندنی لە رواندز تەواوکردووە، لەو سەردەمەدا کە خوێندن بۆ ئافرەتان نەبووە و رێگری زۆری لێکراوە بەتایبەت لە ساڵانی ١٩٤٠، لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمە قوتابخانە بۆ خوێندنی ناوندی نەبوو لە رواندوز، وەلێ بەهۆی سوربونی دایکی خاتوو شوکریە لەسەر ئەوەی خوێندن تەواو بکات، بۆیە خاتوو شوکریە دەباتە هەولێر بۆ درێژەدان بە خوێندن و لە ماڵی پوری سالێکی خوێندن لە قەڵات دەخوێنێت، دواتر لە ساڵی ١٩٥١ کاتێک قوتابخانەیەکی تێکەڵاو لە رواندز کرایەوە، واتە بۆ هەردوو رەگەز کورو کچ، لەوکاتەدا راستە قوتابخانە تێکەڵ بووە و تارادەیەک خوێندنی کچان رێگە پێدراو بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کچان بەعەبا لەناو پۆڵ دادەنیشتن، لەو کاتەدا شوکریەخان لەگەڵ چوار تا پێنج قوتابیێک لە پۆلێک بوون کە ژمارەیان زۆر کەمبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بە زووی وازیان لەخوێندن دەهێنا، مامۆستا شوکریە دەبێتە تاکه قوتابی ئەوکاتە کە قۆناغی شەشی سەرەتای ببرێت بەسەرکەوتووی و بەردەوامی بەخوێندن داوە و قوناغی ناوندیشی تێپەراند، دواتر بۆ خوێندنی ئامادەی دووبارە دەچێتەوه هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە وێش تەنها بەشی وێژەی هەبووە و زانستی نەبووە ناوبراویش دەیویست لە بەشی زانستی بخوێنێت، بەناچاری دەچێتە بەغدا بۆ درێژەدان بەخوێندن، چوونی مامۆستا شوکریە بۆ بەغدا وێرای پاڵپشتی خێزانەکەی، بەڵام لەهەمان کاتدا خێزانەکەی دووچاری تانەو رەخنەی تووندی خەڵک بوون، بەوەی نابێت رێگە بدرێت لەو سەردەمە کچێکی ١٦ ساڵ،بەتەنها بچێتە بەغدا و ناکرێت،بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەکەی دەچێتە بەغداو سێ ساڵی خوێندنی لەوێ تەواو دەکات، لە ساڵی ١٩٥٦وەک یەکەمین مامۆستای ئافرەت لە تەواوی دەڤەرەکانی کوردستان تەخەروج دەکات و دەبێتە مامۆستا، بۆ خزمەت کردن وەک مامۆستا داوای کردووە لە رواندوز دایبمەزرێنن و وانە بڵێتەوه، هەر ئەو قوتابخانەیەی قۆناغی سەرەتای لە رواندز لێی خوێند بوو دەبێتەوە مامۆستا، لەسەرەتاکانی ١٩٥٧ خۆپیشاندانێك لە رواندوز دەکرێت بۆ هەڕەشەكردنی مسیر لەسەر هێرشی سێقۆڵی لەسەریان، لەوکاتەدا مامۆستا شوکریە داوا لەمودیری قوتابخانەکە دەکات کە ئەوانیش قوتابییەکان ببەنە ناو موزاهەرەکە وەک پشتگیریێک، لەوکاتەدا مودیرەکە بەرهەڵستیێکی توندی مامۆستا شوکریە دەکات و بەو هۆیەوە مامۆستا شوکریە دوردەخرێتەوە بۆ مەخمور، کە ئەوە لە کاتێکدا بووە مەخمور لە گوندێکیش بچووکتر بووە لە تەواوی خزمەت گوزاریەکان بێبەش بووە، مامۆستا تاکوو شۆرشی ١٤تەمووز لە مەخمور دەمێنێتەوە و دوای چوارساڵ دەگەرێتەوه و دەبێتە بەرێوبەری قوتابخانەی “سەرەتای عەنکاوەی کچان”.
ئەو کاتەی لەساڵی ١٩٦٢ لەلایەن حیزبی شوعی دەستکرا بە کۆکردنەوەی ٢٠٠٠٠هەزار ئیمزا بۆ ئاشتی لە کوردستان، بەهۆی ئەوەی ناوبراویش هاوکاری کۆکردنەوەی ئەو ئیمزایانە بووە، لەلایەن ئەمنی هەولێر زیندانی دەکرێت لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێی کە ئەوانیش بەشداربوونە لەگەڵی، دوای دادگای کردنی مامۆستا و ناونەهێنانی هیچ کەس و لایەنێک، لە دوای ١٣رۆژ لە زیندانیکردنی لە هەولێر بەهۆی ئەوەی کەسانی زۆر سەردانیان دەکرد و پاڵپشتیان لێدەکرد، پارێزگای ئەوکاتی هەولێر توڕەدەبێت و دوری دەخاتەوە بۆ حەپسەخانەی موسڵ کە وەک خۆی باسی لێوە دەکات وێنای نەبووە لە ناخۆشی و توندی، لەکاتێکدا بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێشتان لە زیندان بووە کا ئەمری دوورخستنەوەی دەرچووبوو، جیالەوەش فەرمانی گواستنەوەی بۆ پارێزگای حیلە دەرچوو بوو”.
لەساڵی ١٩٦٣و سەردەمی شۆڕش لە ماڵی کچە خوشکەکەی دەبێت لە بەغدا لەوکاتەی حکومەتی بەعەس سیاسەتی رەشبەگیریان ئەنجامدەدا، لەوکاتەدا پێشمەرگەکان نامەیەک بۆ مامۆستا شوکریە دەنێرن و داوای لێدەکەن بەنهێنی خۆی بگەیێنێتە هەولێر، مامۆستا شوکریە هەرچۆنێکبێت خۆی دەگەیێنێتە هەولێر و دواتر پێشمەرگەکان لەوێ دەیگەینە بنکەی لۆغان لە ژێر چیای کۆرەک، دووبارە مامۆستا شوکریە تاکە کچێک دەبێت لەناو پێشمەرگەکان و کاتێکی ناخۆش و زەحمەت تێپەردەکات، دوای ماوەیەک کە ماڵی باوکی لە گوندی میراتیان کە لە بەرامبەر گوندی بەرزێوەی ئێستا بوو، باوکی دێت و خاتوو شوکریە لەگەڵ خۆی بۆ ئەوێ دەبات کە ئەوێش مەقەری پێشمەرگەی لێبووە.
لەوکاتە دوبارە حکومەتی بەعس پلانی هێرشکردنی بۆ سەر ناوچەکانی چۆمان و داوروبەری، مامۆستا شوکریە دەچێتە ماڵە خوشکێکی کە لە حاجی ۆمەران بوو ، دواتر ماڵی باوکی لەلایەن حکومەتی بەعس بۆردومان و(وێراندەکرێت)، دواتر لە مانگی ٢لەگەڵ زۆرێک لە پێشمەرگەکان دەگەرێتەوە، دواتر مامۆستا دەدرێتە دادگا و لە مەحکەمەی عورفی چوارەمی سەربازی کەرکوک بە ساڵێك حوكم دەدرێت، بەڵام بەشێوەیەک لە ژێر چاودێری بێت، هەرکات شتێکی لەسەر بزانرێت ئەوکات ئەوساڵە بگیرێت،بۆ ماوەی ٥ساڵ دوور دەخرێتنەوە لە ١٢/٥/١٩٦٢تاکو ٢٧/٣/١٩٦٧پاشان دەگەڕێتەوە سەر پیشەی مامۆستایەتی، لەپاش راپەرینیش لە رێکخراوەکانی ئافرەتان کاری کردووە، لە ئێستادا مامۆستا شوکریە دانشتوی شاری هەولێرە و بەپلەی مامۆستای سەرپەرشتیار خانەنشین کراوە.