پشتیوان كەریم- سۆران:
عەقید بەختیار نیعمەت، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسەپۆرتی ئیدارەی سۆران، باس لە گرنگی كردنەوەی نووسینگەی پاسەپۆرت و رایكردنی كارەكانی هاووڵاتییان دەكات، لەگەڵ ئامارەكان دەخاتەڕوو.
لە دەستپێكی قسەكانیدا لە بارەی گرنگی كردنەوەی نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران، عەقید بەختیار نیعمەت، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران، دەڵێت:” كردنەوەی نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران دەستكەوتێكی گرنگ و پڕ بایەخی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كردنەوەی نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران، لەژێر چاودێری و بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم نووسینگەیە كرایەوە، دانیشتووانی ئیدارەی سۆران، لەگەڵ هەریەك لە ناحیەكانی هەریر و باسرمە دەگرێتەوە، هاوكات ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئاسانكارییەكی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچانە كردووە، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ دەرهێنانی پاسەپۆرت و لە هەمانكاتدا نوێكردنەوە روو لە نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران بكەن.
بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسەپۆرتی سۆران، ئاشكراشی كرد:” بەهۆی فراوانی سنووری ئیدارەی سۆران زۆری رێژەی دانیشتووانان رۆژانە نزیكەی ١٨٠ تا ٢٣٠ هاووڵاتی سەردانی نووسینگەكەمان دەكەن بەمەبەستی نوێ كردنەوە و دەرهێنانی پاسەپۆرت، هەروەها نزیكەی هەزار پاسەپۆرتی هاووڵاتییان لامان ماوە و تا ئێستا وەریان نەگرتۆتەوە.
عەقید بەختیار نیعمەت، روونیشیكردەوە:” هۆكاری وەرنەگرتنەوەی پاسەپۆرت بەزۆری دەگەرێتەوە بۆ رێكنەكەوتن و نەڕەخساندنی دەرفەتی گەشتكردنی هاووڵاتییان بە هەر هۆكارێك بێت لەوانە باری دارایی باش نەبێت یاخود وەكو پێویست بۆی نەرەخسابێت كە گەشت بكات، بۆ ئەوەی پاسەپۆرتەكەی وەربگرێتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا عەقید بەختیار نیعمەت، ئەوەش دەخاتەڕوو:” جاران دوو رۆژ تا هەفتەیەك رەزامەندیمان وەردەگرت و پاسەپۆرتەكان دەدرانەوە بە هاووڵاتییان، بەڵام ئێستا بارودۆخی بەغدا جێگیر نییە دوو هەفتە تاكو مانگێك دوا دەكەوێت، ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئێمە و هاووڵاتییانە لە زۆر دواكەوتنی و نەدان و نەبوونی رەزامەندی بەغدا بۆ ئەوەی كارەكانی هاووڵاتییان راپەڕێنین، هیوادارین كە ئەم بارودۆخە زوو چاك بكرێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران، گووتی:” لە سەرەتای كردنەوەی نووسینگەی پاسەپۆرتی سۆران تاكو ئێستا واتە لە بەرواری ١٨/ ١١/ ٢٠١٩ تا ١ /٩/ ٢٠٢٢ زیاتر لە ٤٦٠٠٠ پاسەپۆرت بە خەڵك دراون، تەنها لە هەشت مانگی رابردوو ١٣٨٢٩ هاووڵاتی بوونەتە خاوەن پاسەپۆرت، داواكارین لە هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سۆران كە ئەم ماوەیە هاوكارمان بن و لێمان ببوورن لە دواكەوتنی مامەڵەكانیان كە ئەمەش لە دەستهەڵاتی ئێمەدا نییە”.