زاری كرمانجی-سۆران:
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بەفروباران و هەورەبرووسکەی توند ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بەفر و بارانبارین و هەورەبرووسکەی توند بۆ سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و بۆ ماوەی نزیکەی یەک هەفته بەردەوام دەبێت.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “پێشبینیی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بە دیاریکراوی لە ئێواڕەی ڕۆژی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارینی سەرتاسەری ڕوو لە ناوچه جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بکات و کاریگەری ئەو شەپۆڵە لەڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی زیاتر دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی زۆری بارانبارینی بەخووڕ و هەورەبرووسکەی توند پێشبینیی دروستبوونی لافاو دەکرێت لەهەندێ ناوچە نزمەکان.”
ئاماژەشی بەوە داوە: “لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بارستەهەوایەکی زۆر ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەفربارینی چڕ لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و کاریگەری ئەو بەفربارینەش لە ڕۆژی دواتر زیاتر دەبێت، بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکەش پێشبینی دەکرێت بەفربارین دابەزێتە نێو سەنتەری شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان.”