زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پەیوەندییەکانمان باشە و وەکو هەرێمی کوردستان دەمانەوێت پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئێران هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی تەقینەوەی شاری کرمانی ئێران سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی لە هەولێر کرد.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، گوتی: “بۆ دەربڕینی هاوسۆزی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو کارە تیرۆریستییەی کە لە کرمان ئەنجامدرا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان خەڵکی بێ گوناحی ئەو شارە، هاتووین سەرەخۆشی خۆمان بگەیەنینە کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکی ئێران بە گشتی و شاری کرمان بە تایبەتی، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمانیان پێبگەیەنین”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: “جەختمان لەوەکردوەوە کە دەبێ بەردەوام بین لە هاوکارییکردن و ئیشکردن لەگەڵ یەکتر بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە، هەروەها بیری خۆمان دێنینەوە ئەو یارمەتیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتی هاتنی داعش هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستانیان داوە، سوپاسمان کردن بۆ هەموو ئەو هاوکارییانە”.