زاری كرمانجی-سۆران:
بەبڕیاری سەرۆكوەزیران لە ئیدارەی سۆران دە نان كرانە هەزار دینار، كێشی هەویری هەر نانێكیش نابێت لە 95 گرام كەمتر بێت.
ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیران لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و نانەواخانە و چێشتخانەكانیشە، هاووڵاتییانیش پێشوازی لە بڕیارەكە دەكەن.
بڕیاری هەرزانكردنی نان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ ئاراستەی هەموو پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە. بەرژەوەندیی نانەواخانەكان و سەموونخانەكانیش ڕەچاو كراوە و بڕیارە 50%ـی كرێی كارەبایان لەسەر هەڵبگیرێت، ئارد و سووتەمەنیان بە نرخێكی گونجاو پێبدرێت.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە ئەمڕۆ بەدواوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دە نان بە هەزار دینار دەدرێن، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت .
سەفا سەیدخان، زیاتر گوتیشی: بۆ پاڵپشتیكردنی خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەكان حكوومەتی هەرێم رەچاوی دۆخی نانەواخانەكانی كردووە بەشێوەیەك پارەی كارەبایان بەبڕی 50% كەم كراوەتەوە، هەروەها لە كڕین و دابینكردنی ئاردیش پاڵپشتی نانەواخانەكان دەكرێت.