مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ڕاپۆرتێكی ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردپا، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2023، سزای لەسێدارەدانی 799 بەندكراوی بە تۆمەتی جیاواز جێبەجێ كردووە و لە نێو ئەم ژمارەیەشدا 111 بەندكراوی كورد هەن.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردپا، ئاماژە بەوە دەدات كە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی پێشوو 31 % بەرز بووەتەوە و جێبەجێكرانی حوكمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی كوردیش بۆ 71 % هەڵكشاوە .
هەر لە ڕاپۆرتەكەی كوردپا هاتووە زیاتر لە 88 % سزای لە سێدارەدراوان لەلایەن میدیا و ناوەندە ئەمنییەكانی ئێران ڕانەگەیەنراون و شاردراوەتەوە و دەشڵێت “ڕۆژانە دوو تا 10 كەس لە سێدارە دراون.”
بە گشتی ئەو بەندكراوانی لە ساڵی 2023 لەسێدارەدراون، 167 كەسیان بەلووچی و 111 یان كورد و 23 ئەفغانی و 2 عەرەب و 2 تورك، لە نێو قوربانیانی سێدارە 18 ئافرەت و دوو منداڵیش بە ناوەكانی حەمید ڕەزا ئازەری و عادل دامەنی هەن.
زۆرترین ئەو تۆمەتانەی كە بەندكراوانی ڕووبەڕووی سزاى سێدارە كردووەتەوە، ماددەی هۆشبەر 418 حاڵەت و كوشتن 247 و دەستدرێژی سێكسی27 حاڵەت و هتد…