زاری كرمانجی – راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەگەر ئێمە یەکڕیز و یەک دەنگ نەبین ناتوانین لە بەغدا بەھێز بین و بەرگری لە مافی کورد بکەین، بۆیە سەرۆک بارزانی بەردەوام ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی کورد یەکڕیزبن و پێویستە لایەنەکانی دیکەش بێنە مەیدانی یەکڕیزی، ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەوەی دەیەوێت ھەڵبژاردن دوابخرێت متمانەی بەخۆی نیە، بەڵام ئەمڕۆ ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت پارتی ئامادەیە.
عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “یەکڕیزی و یەک دەنگی کورد و چوونیان بە یەکگرتوویی بۆ بەغدا وەک چۆن ئاو بۆ مرۆڤ پێویستە ئەوەیان ھێشتا پێویستترە، چونکە بێ یەکدەنگی و یەکڕیزی ئێمە لە بەغدا ناتوانین کارێکی باش بکەین و بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین، بۆیە گرنگە ئێمە کەموکوڕیەکانی خۆمان بدەینەلا بۆ ئەوەی بەھێزێکی باش بچینە بەغدا و بوونمان ھەبێت”.
عارف روشدی گوتیشی: “بەردەوام ھەوڵ بۆ یەکڕیزی ھەیە و ھیوادارین ئەو ھەوڵانە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابی، بۆیە سەرۆک بارزانی ھەمیشە خەمخۆری میللەتی کوردە بۆ یەکڕیزی و یەک دەنگی کورد، بۆیە شەو و رۆژ لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی کورد یەک دەنگ و یەکڕیزبن و پێویستە لایەنەکانی دیکەش بێنە مەیدانی یەکڕیزی، چونکە دەستکەوتی حیزبی ھیچ کات نایەنە بەرامبەر دەستکەوتی میللەت و میللەت و وڵات سەرکەوتووبێت ھەمووان سەرکەوتوودەبن، بەپێچەوانەوە ھیچ حیزبێک دەستکەوتی نابێت، چونکە ھیچ بەربەست نیە و ئەگەر حیزبەکان لە پەیرەوی خۆیان باسی میللەت و وڵات دەکەن و راستگۆبن لە گەڵ خوای خۆیان و میللەتی خۆیان بەربەست دروست نابن”.
روشدی ڕوونشیکردەوە: “پێویستە حیزب تێبگات کە میللەت پشتگیری دەکات بۆ ئەوەی خزمەتی بکات بۆ ژیانێکی باشتر و ئەمنیەتێکی باشتر و تەنھا بۆ سەرکەوتنی حیزب نیە پێشبکەوێت و بگاتە دەسەڵات، چونکە ھەر حیزبێک میللەت پشتگیری نەکات لاواز دەبێت، بۆیە پێویستە حیزبەکان حیزبی خەڵک و خەمخۆری خەڵک بن، ھاوکات پارتی ئەمڕۆ ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و پارتی ھیچ مەترسی نابینێت و خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت، بۆیە ھیوادارین حیزبەکان پێداچوونەوە بە خۆیان بکەن و ئەگەر کەموکوڕیش ھەبێت چارەسەری بکەن، چونکە بەرێگریکردن لە ھەڵبژاردنەکان حیزب ناتوانێت بەھێزبیت، بۆیە ھەر حیزبێک ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردن بدات متمانەی بەخۆی نیە و ئەوەی بڕوای بە میللەتی خۆی ھەبێت ئەمڕۆ ئامادەی ھەڵبژاردن دەبێت نەک سبەی”.