زاری كرمانجی :
دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 15 ساڵی بەلوچی لە لایەن ئەباحیم كۆچزایی، فەرماندەی پۆلیسی چابەهار، توڕەیی بەلوچییەكانی زیاتر كرد و لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان نەپاراست لە تەقەكردنی هەڕەمەكی كە بەم هۆیەوە 58 كەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 270 كەسیش بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ئاماری كەمپەینی چالاكوانانی بەلوچ:” دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە زاهیدان كۆمەڵكوژی ئەنجامداوەو بە هەلیكۆپتەر تەقەی لە خۆپیشاندەران كردووە”.
لە كاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لە هەمبەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی كچ كورد، سیستان و بەلوچستانیش شان بەشانی ئەوان ڕاپەڕینیان لە دژی زوڵم و زۆرداریی كۆماری ئیسلامی دەست پێ كرد.
شەپۆلی نوێی راپەڕینی بەلوچستان دوای دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی هەرزەكاری بەلوچ لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی چابەهارەوە سەریهەڵدا. مەولودی عەبدولغەفهار نەقشبەندی، ئیمامی جومعەی ڕەسك ڕۆژی ٢٦ی ئەیلول، هەواڵی دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن ١٥ ساڵی بەلوچی لە لایەن ئەباحیم كۆچزایی، فەرماندەی پۆلیسی چابەهار پشتڕاست كردەوە.
دوای ئەمە بەلوچەكان هێرشیان كردە سەر بنكەكانی ڕژێمی ئێران و لانیكەم چوار بنكەی پۆلیس و چەند بنكەی بەسیجیان ئاگر تێبەردا.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن هێزە ئەمنیەكان بە جۆرەها چەك رووبەرووی خۆنیشاندەران بوونەتەوە و منداڵ و ژنیان شەهیدكردووە، لەهەمان كات رێگریان لە تیمە فریاگوزارییەكان كردووە كە خزمەتگوزاری پێشكەشی بریندارەكان بكەن.
لە توڕەیی ئەمەش بەلوچەكان ئەفسەری ئیتلاعاتی سوپای رژێمی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان كوشت و دوای ئەوە بە دروشمی “بروخێ رژێمی ئێران” شەقامەكانی زاهیدانیان كۆنترۆڵ كرد و جەختیان كردەوە كە ئەوان لەو شەڕەی كە خامنەیی دەستی پێكردووە پاشەكشە ناكەن و تا ڕووخاندنی سیستەمی دەسەڵاتدار لە سەنگەردا دەمێننەوە.