مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، بەشێك لە موختاری گوندەكان بە كەمتەرخەم ناو دەبات و لە نوسراوێكدا داوای گۆڕینیان دەكات.
عەقید ئەمیر مزوری گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ئێمە وەكوو پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، پێمان وایە كاتی ئەوە هاتووە بەشێك لە موختاری گوندەكان بگۆڕین و كەسانی باشتر لە شوێنیان دابنرێن.”
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران داواكاری گۆڕینی موختارەكان بۆ دوو هۆكار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ “بەشێكیان وەك پێویست هاوكار و پاڵپشتی ئێمە ناكەن، بەتایبەتیش لە كاتی دەرچوونی مەفرەزەكانمان بۆ ڕێگریكردن لە بڕینەوەی دار و زێدەڕۆیی سەر ژینگە، ئەوەی تریشیان هەندێك لە موختاری گوندەكان لە شارەكان نیشتەجێن و ئاگاداری ڕەوشی گوندەكەنیان نین،”
ئەوەش دەڵێ “موختاری گوند بۆ ئەوە دانراوە لە گوند بێت و ئاگاداری كێشەكان بێت و دڵسۆز و خەمخۆری خەڵك و ژینگە و سروشتی گوندەكەی بێت، نەك لە شار نیشتەجێ بێت و ئاگاداری هیچ شتێك نەبێت،”
عەقید ئەمیر مزوری دەشڵێت “لە ڕێگەی نووسراوێكەوە كە ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لایەنی پەیوەندیدار كراوە، داوامان كردووە پێداچوونەوە لە دەستنیشانكردن و گۆڕینی بەشێك لە موختاری گوندەكان بكرێت.”