موڕشید برادۆستی – زاریكرمانجی
ماوەی دوو ساڵە، ڕەزامەندی كردنەوەی ناوەندی وەرزش و لاوان بۆ قەزای چۆمان دەرچووە و بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرو فەرمانبەری پێویست، ناوەندەكە نەكراوەتەوە .
هابیل زرار بەڕێوەبەر لاوانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ساڵی 2022 ڕەزامەندی ناوەندی وەرزش و لاوانی چۆمانم لە وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە و بڕیاری كردنەوەی هەیە تەنانەت خەرجی مانگانەشیان ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بەڕێوەبەر و چەند فەرمانبەرێكی بۆ دابین بكرێت.
بەڕێوەبەری لاوانی ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی كرد:” لەگەڵ یەكەی كارگێڕی چۆمان لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی كەسێكی شایستە بۆ ئەو ئەو پۆستە و گواستنەوەی سێ فەرمانبەر بۆ ناوەندی وەرزش و لاوانی چۆمان.
گووتیشی:” لە سنووری ئیدارەی سۆران لە ئێستادا پێنج ناوەندی وەرزش و لاوانمان لە قەزاكانی دەوروبەر هەیە، تەنها قەزای چۆمان ناوەندی لێ نییە، كار و چالاكییانمان لە بوارەكانی ڕۆشنبیری، پیشەیی، وەرزشی، هونەری و زانستی و چالاكی دیكەی جۆرا و جۆر لە خۆ دەگرێت”.