مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تۆڕێكی ماددە هۆشبەرەكان لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیركران كە لە نێو پەیكەری كەسایەتی ئایینی و بزن و هەڵۆدا حەشیشيان هاوردهى عێراق كردووه.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوێنێ هەینی 5ی كانوونی دووەمی 2024 لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی تۆڕێكی سێ كەسی ماددە هۆشبەرەكانی ئاشكرا كرد كە لەناو پەیكەری حەزرەتی مریەم و بزن و هەڵۆ پێنج كیلۆ ماددەی هۆشبەریان لە جۆری ماریجوانایان گەیاندبووە عێراق.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ددانپێدانانی ڤیدیۆیی چەند بازرگانێكی تری ماددە هۆشبەرەكانی بڵاو كردەوە كە بە هەمان شێوە لە ڕێگەی پەیكەری كەسایەتی ئایینی و ئاژەڵەكانەوە ماددەی هۆشبەرەیان هاوردەی عێراق كردووە.
هاوكات لە هەمان ڕۆژ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی شۆفێرێكی ڕاگەیاند كە لە ڕێگەی میكسەرێكی چیمەنتۆ 250 كارتۆن خواردنەوە كحولییەكانی بار كردووە و بەنیاز بووە بیباتە شاری تكریت، بەڵام لەلایەن تیمەكانی بەشی كاروباری بازگەكان دەستگیركراوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار كراوە بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی بەرامبەر بگیرێتە بەر.”