شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” دایكان و باوكان، لەڕووی گەشەكردنەوە هیچ كات بەراوردی منداڵەكانتان مەكەن بە منداڵانی تر، چونكە هەریەكەیان بەشێوازێكی تایبەت بە خۆی گەشە دەكات.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” زۆرجار دایكان و باوكان جۆرە بەراوردێك دروست دەكەن لەنێوان منداڵەكانی خۆیان و ئەوانی دیكە، كە ئەمەش نەك تەنها هەڵەیەكی گەورە و هەڵخەڵەتاندنە بەڵكو كاریگەریەكی گەورەش دروست دەكات لەسەر منداڵ، بۆ نموونە منداڵێك كە سەردانی پزیشك دەكات باڵای كورتە یا وەك پێویست گەشەی نەكردووە جا بە هەر هۆكارێك بێت، منداڵێكی دیكەش باڵای درێژە.
لەم حاڵەتەدا كاتێ ڕێنمایی دەكەین كە زوو بخەوێت، شاشە و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بەكارنەهێنێت، یاخود بەم شێوازە هەڵسوكەوت بكات، سەرەڕای ئەمە دایك یان باوك دەڵێت منداڵی دراوسێیەكەمان هەم درەنگ دەخەوێت هەمیش بەردەوام ئامێری ئەلیكترۆنی بەدەستەوەیە و خواردنی دەرەوەش بەشێوەی زیاد دەخوات كە چی باڵای لە منداڵەكەی من بەرزترە، ئەمەش بەراوردێكی زۆر هەڵەیە چونكە هەموو كەسێك لە هەموو تەمەنێك جیاوازە لەڕووی گەشەكردن، شێوازی ژیان، جموجۆڵی و چالاكییەكان.
گووتیشی” پێویستە زۆر وریا بین لەم جۆرە بەراوردكردنانە، لە هەمان كاتیشدا زۆرجار دایك و باوك وا هەست دەكەن باڵای منداڵێكی دیكە زۆر لە هی خۆیان بەرزترە بەڵام ئەوان تەنها بە چاو بینین بڕیار دەدەن كاتێك پێوانە دەكرێت ئەویش وەك پێویست گەشەی نەكردووە.