مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكەی سەر بەغدا و كوشتنی ئەبوو تەقوا ڕاگەیاند كە ئاراستەی ئەم هێرشە سەربازییەیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەكانی بووە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەكەی و دەشڵێت “ئامادەین ڕێكاری دیكەش بگرینەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و هەڕەشەی زیاتر.”
كۆشكی سپی، نامەیەكی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكای لە بارەی هێرشەكەی سەر بەغدا بڵاو كردەوە، لە نامەكەدا هاتووە “بەپێی ئەو دەسەڵاتەی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی وڵات هەمە، ئاراستەی ئەم هێرشە سەربازییەم كرد لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەكانم بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەكەم و بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەكانی دەرەوە.”
بایدن لە درێژەی نامەكەیدا نووسیویەتی “ئەمەریكا بەرگری لە خۆی كردووە و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكان نەكردووە هەر وەك لە ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە”.
هێزەكانی ئەمەریكا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بۆردوومانی بنكەی سەربازی بزووتنەوەی نوجەبا-ی سەر بە حەشدی شەعبی كرد و دوو فەرماندەی ئەو بزووتنەوەیە لە هێرشەكەدا كوژران.