شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
مانگانە بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنمایییەكان، چەندین دەرمانخانە و نۆرینگە و تاقیگەی تەندروستی دادەخرێن و بەشێكیشیان رووبەرووی سزای پێ بژاردن دەبنەوە.
قەسیم حسێن، نوێنەری لیژنەی تەندروستی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەر نۆرینگەیەك تەنیا دەتوانێت 18 جۆری دەرمان بفرۆشێت، ئەگەر زیاتری فرۆشت سزا دەدرێت، بۆیە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو 35 نۆرینگە و 6 دەرمانخانە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنمایییەكان و فرۆشتنی دەرمانی زیادە داخراون، بەشێكیان زیاتر لە جارێكە دادەخرێن، بۆیە سزای ماددی بە بڕی 300 هەزار دینار بەسەریان سەپێنرا، هەروەها 8 تاقیگەش بەهۆی نەبوونی پاك و خاوێنی و مۆڵەت و وەرگرتنی پشكنینی زیادە داخراون، كە بۆ ئەوانیش دیاریكراوە چ پشكنینێك بكەن و نابێت زیادە ڕووی بكەن”.
دوو سەنتەری جوانكاری و 8 سەنتەری چاندنەوەی پرچ داخران
هەروەها نوێنەری لیژنەی تەندروستی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران ئەوەش دەڵێ :” دوو سەنتەری جوانكاری و 8 سەنتەری چاندنەوەی پرچ بەهۆی نەبوونی مۆڵەت داخران و چوار لەم سەنتەرانەش رەوانەی دادگا كراون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە چەندین جارە دادەخرێن، بەڵام تا ئێستاش پابەندنەبوونە بە ڕێنمایییەكان”.
ئەوەشی خستەڕوو” هەر شوێنێك دابخرێت بۆ جاری یەكەم هۆشداری دەدەین و دەرفەتیان دەدەینێ، بەڵام ئەگەر دووبارە و چەند بارەی كردەوە ئەوا سزای ماددی دەدرێت كە لە 300 هەزار كەمتر و یەك ملیۆن زیاتر نییە، هەر بۆیەش داوا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەند بن بە جێبەجێكردنی ڕێنمایییەكان و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی بدەن و لەگەڵمان هاوكار بن.