موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی:
لە دیدارێکی زاری کرمانجی، دکتۆر مەهدی ستوونی مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، باسی دۆخی هەنووکەی عێراق دەکات و دەڵێت:” ئەو دژایەتی و ڕاگەیاندنەی جەنگ دژی ئەمریکا و بەرژەوەندیخوازانی کارێکی مەترسیدارە و پێویستە ڕابگیرێت، دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەمریکا، عێراق بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزتر و خراپ دەبات .
د . مەهدی ستوونی مامۆستای زانکۆ، دووپاتی کردەوە، عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەزی بەسەرەوەیە، ناجێگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق ئێستا بەرچاو دیارە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە گرووپێکی چەکدار خۆی دەناسێنێت بە ” موقاوەمەی ئیسلامی ” بەئاشکرا جەنگی لە دژی ئەمریکا و بەرژەوەندی ئەمریکا ڕاگەیاندووە لە عێراق، ئەمەش وای کردووە ئەمریکاش وەک بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی دژی ئەو گرووپانە بووەستێتەوە، ئەم شەڕ و ئاڵۆزیە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق بکەوێتە ژێر مەترسییەوە .
ئاشکراشی کرد:” ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەمن و ئاسایشی عێراق و سەقامگیری لە عێراق دەکەوێتە ژێر مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر شەڕی ئەمریکا بە ڕاستەوخۆی بکرێت محەمەد شیاع سودانی دواین سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت لە پشکی شیعە .
ئەو مامۆستای زانکۆ، ڕوونیشی کردەوە، ئێران بەهەموو زلهێزی خۆی نەیتوانیوە بە ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەمریکا بکات و دژی بەرژەوەندییەکانی بوەستێتەوە، گڕووپێکی شیعە شەڕ دژی ئەمریکا ڕابگەینێت مەترسیەکی یەکجار گەورەیە و سیادەی عێراق دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسیەوە، ئەمریکا بەیەک لێدوان دەتوانێ ئابووری عێراق مایەپووچ بکات و نرخی دینار بۆ ئاستێکی زۆر نزم داببەزێنێت بە دەردی سوریا و ئێران و تورکیا ببات .
دکتۆر مەهدی ستوونی، گووتیشی:” ئەو دۆخەی لە عێراق دەگوزەرێ، دۆخێکی باش نییە و هەموو ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن کە عێراق بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزتر و خراپتر بڕوات”.