مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە بەغدا و كوژرانی ئەبوو تەقوا و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكی لەسەر بەردەوامبوونی هێرشەكان و بە ئامانج گرتنی ئەو سەركردە سەربازییانەی حەشد كە دەستیان لە هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئەمەریكا هەیە لە عێراق و سووریا، بەشێك لە سەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبی لە ترسی بە ئامانج گرتن خۆیان شاردووەتەوە.
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا كە لە بەر دۆخی ئەمنی نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، تایبەت بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “بارودۆخی بەغدا نائارامە و فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە دوای ڕووداوەكەوە تا ئێستا بە بەردەوامی بە ئاسمانی بەغدا دەسووڕێنەوە، ئەمەش وای لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردووە، لە بارەگاكانیان دوور بكەنەوە و خۆیان بشارنەوە لە ترسی بە ئامانج گرتنیان.”
دەشڵێت “ڕەوشەكە پێمان دەڵێ بارودۆخی عێراق لە تەقینەوە دایە و لە ڕۆژەكانی داهاتوو كاردانەوەكان زیاتر دەردەكەون .”