مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی میدیایی ئێرانی، داعش دوو هێرشە خوێناوییەكەی شاری كرمانی ئێرانی ئەنجام داوە.
ئاژانسی هەواڵی میزانی ئێرانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2024 بە پشتبەستن بە پلاتفۆرمە هەواڵیی نزیكەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕاگەیاند كە ئەو ڕێكخراوە بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرشەكەی پارێزگای كرمان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی چوارشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2024، لە كاتی مەراسیمی یادكردنەوەی چوارەمین ساڵڕۆژی كوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو كەسی خۆكوژ لە نێو بەشداربووانی مەراسیمەكە لە نزیك گۆڕی سولەیمانی خۆیان تەقاندووە و بەپێی دواین ئاماری پزیشكی دادی ئێران، 84 كەس گیانیان لەدەستدا و 284 كەسی تریش لەم دوو هێرشەدا برینداربوون.

































































