مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە شاری بەغدا بارەگایەكی حەشدی شەعبی بۆردوومان كرا و فەرماندەیەك و چەندین چەكداری ئەم گرووپە كوژران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2024، بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبیی لە شەقامی فەلەستین لە بەغدا كرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتایییەكان دوو فەرماندەی حەشد كوژراون.
حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێكدا هەواڵی كوژرانی ئەبوتەقوا سەعیدی جێگری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی پشتڕاست كردەوە و ڕاگەیاند كە هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە.
هەروەها حكومەتی عێراق هێرشەكەی بە شەڕانگێزی ناوبرد و ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم هێرشەدا تۆمەتبار كرد.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕاگەیاند كە ئەوان هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانن لەم هێرشە بێ بنەمایە بۆ سەر دەزگایەكی ئەمنی عێراقی.
دەشڵێت “ئێمە ئەم بەئامانجگرتنە بە هەڵكشان و دەستدرێژییەكی مەترسیدار دادەنێین بۆ سەر عێراق و دوور لە ڕۆح و دەقی ڕێگەپێدان و ئەو كارەی كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا بوونیان هەیە لە عێراق.”
تا ئێستا بەرپرسانی ئەمەریكا هیچ لێدوانێكیان لەسەر هێرشەكەی سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە بەغدا نەداوە.