زاری كرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی بە تۆمەتی بەشداریكردن لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەی یەك هەفتە لە ژێر ئەشكەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەكان دەبێت، بە هۆی وەستانی گورچیلەكانی گیان لە دەستدەدات.
بەرزین حەمزەزادە ی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی بەشداریكردن لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركرا، بەگوتەی سەرچاوەیەكی ئاگاداری نزیك لە بنەماڵەی بەرزین، ئەو منداڵە پاییزی هەمان ساڵ بەهۆی ئەشكەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەكان هەر دوو گورچیلەی لە دەست دابوو و تووشی تێكچوونی كاركردنی فیزیۆلۆژیكی ببوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی سێشەممە 2ی كانوونی دووەمی 2024، بەرزین حەمزەزادەی تەمەن 16 ساڵان لە نەخۆشخانەی”خومەینی”ی ورمێ لەژێر نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.
یەكێك لە خزمە نزیكەكانی بەرزین بۆ ڕێكخراوی هەنگاو ئاشكرای دەكات ئەو منداڵە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی بەشداریكردن لە شۆڕشی ژینا دەستگیركرا و بۆ ماوەی یەك هەفتە ئەشكەنجە درابوو، دەشڵێت “دوای ئازادكردنی، هەر دوو گورچیلەی لەژێر كاریگەری ئەشكەنجەكەوە لە دەستدابوو و چەندین جار تووشی هاتنە خوارەوەی ئاستی هۆشیاری و بێهۆشی بووە و چەند جارێكیش بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی براوەتە نەخۆشخانە.”
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد هێزە ئەمنییەكان بنەماڵەی حەمزەزادەیان لە ژێر گوشار داناوە بۆ ئەوەی قسە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن نەكەن و زانیاریی مردنی ڕۆڵەكەیان ئاشكرا نەكەن.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە شارە جیاوازەكانی كوردستان دەستبەسەركراون كە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٩٣ كەسیان بۆ هەنگاو ئاشكراكراوە.