مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شەوی سێشەممە لە هێرشێكی ئاسمانی لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس كوژرا.
میدیاكانی لوبنان بڵاویان كردەوە كە درۆنێكی ئیسرائیلی ئۆفیسێكی حەماسی لە شاری “موشریفیە” لە باشووری بەیرووت كردووەتە ئامانج و ساڵح عاروری جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس و پێنج بەرپرسی دیكەی سەربازی بزووتنەوەكە لەم هێرشەدا كوژراون.
پشتی هێرشەكە، حیزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕەتی كردەوە هێرشەكە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە ئەنجام درا بێت و ڕاگەیاند لە ڕێگەی سێ مووشەكەوە باڵەخانەی ئۆفیسی حەماس كراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە چوار كەس كوژراون كە یەكێكیان عارورییە.
هاوكات میدیایی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە هێرشەكە لە كاتێك ئەنجامدراوە كە عارووری لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی حەماس لە كۆبوونەوەدا بووە، بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیلیش ئاشكرای دەكات بڕیار بووە دوای كۆبوونەوەكە عارووری چاوی بە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بكەوێت.
ئۆدی لیفین كارمەندێكی دێرینی هەواڵگریی ئیسرائیلی لەبارەی جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس دەڵێت “عارووری پیاوی ئێرانی ناو حەماس بوو، زۆرینەی ئەو پارەی لە لایەن ئێران بۆ حەماس دەنێردرا لە ڕێگەی ئەوەوە بوو.” دەشڵێت عارووری بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی كەتیبەكانی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس دادەنرێت و ئەنجامدەری هێرشەكەی 7ی تشرینی ڕابردوو بوو.
دوای هێرشەكە، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێكدا هەواڵی كوژرانی ساڵح عارووری جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی خۆی پشتڕاستكردەوە و ڕاگەیاند “ئەو تیرۆرە ترسنۆكانەی داگیركەری زایۆنیستی لە دژی سەركردە و هێماكانی گەلی فەلەستینیمان لە ناوەوە و دەرەوەی فەلەستین ئەنجامی دەدەن، لە شكاندنی ئیرادە و خۆڕاگری گەلەكەمان یان تێكدانی درێژەدان بە خۆڕاگری ئازایانەیاندا سەركەوتوو نابێت،” بزووتنەوەی ناوبراو ئەوەش دەڵێ كە تۆڵەی عارووری دەكەنەوە .
چاودێران پێیان وایە هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان و كوشتنی عارووری كاردانەوەی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و دەكرێت بەرەیەكی تری شەڕ لە ناوچەكە بكرێتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵا ئاماژەیان بەوە كرد كە لە دەمێكی نزیكدا بە گورزی كوشندە وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە.
عاروری كێیە ؟
عارووری لە ساڵی 1966 لە گوندی عاروورە لە ڕامەڵا لە لەدایكبووە، ساڵی 1987 پەیوەندی بە ڕیزەكانی حەماسەوە كردووە و یەكێك لە دامەزرێنەرانی لیواكانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماسە و 15 ساڵ لە تەمەنی خۆی لە نێو بەندیخانەكانی ئیسرائیلدا بەسەر بردووە
لە دامەزرێنەرانی كەتیبەكانی عزەددین قەسامە، سێ جار لە لایەن ئیسرائیلەوە گیراوە و دواجار لە ساڵی 2011 ئازاد كراوە و بۆ سووریا هەڵاتووە، لە 2015 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە خراوەتە لیستی تیرۆر، عاروری بە عەقڵی چەكی حەماس ناو دەبرا و یەكێك بووە لە وانەی زۆرترین پارە و چەكی بۆ حەماس پەیدا كردووە .
دوا بەرپرسیاریەتی لە ناو بزووتنەوەی حەماس، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بوو.