زاری كرمانجی- سۆران:
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: سبەی لە ھەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندن دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە.
سامان سویلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،گوتی: سبەی چوار شەممە 3-1-2024 لە ھەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندن لە پۆلی چواری سەرەتایی تاوەکو پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستپێدەکات، لەبەر ئەوەی پۆلی یەک و دوو و سێی سەرەتایی پێش پشووی سەری ساڵ ھەڵسەنگاندنیان ئەنجامداوە، بۆیە سبەی تاقیکردنەوەکانی پۆلەکانی دیکە دەستپێدەکات.
سامان سویلی، گوتیشی: تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاستی قوتابخانەکان ئامادەکاری بۆ دەکرێت و پرسیارەکانیش ماموستا خۆی دایاندەنێت و ئامادەکاری باشیان کردووە، چونکە وەزاری نییە بۆ ئەوەی لەسەرئاستی وەزارەت ئامادەکاری بکرێت.
سویلی ڕوونیشیکردەوە: ئەو تاقیکردنەوانەی سبەی دەستپێدەکات کۆتایی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنە لە ھەرێمی کوردستان.