زاری كرمانجی -سۆران:
نزیکەی 65 هەزار خێزان فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتانیان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پڕکردووەتەوە، بەڵام 22 هەزاریان تۆمارکراون و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوانی دیکە هەڵە پڕکراونەتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاویکردەوە، کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجیبوونی کەمدەرامەتان بۆ 1/2/2024 درێژکرایەوە، کە پێشتر بڕیار بوو دوێنێ کۆتایی بە وادەی پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە بهێنێت.
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: “لە رێنماییەکانمانی وەزارەتدا بڵاومان کردووەتەوە چۆن فۆڕمی نیشتەجبوون پڕ دەکرێتەوە، بۆیە ئەو هاووڵاتییانەی کە فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە بە هەڵە دەبێت دووبارە پڕی بکەنەوە”.
گوتیشی: “ماوەی یەک مانگ فۆڕمی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان درێژکراوەتەوە، بۆیە هەر هاووڵاتییەک کۆد و بارکۆدی بۆ نەگەڕاوەتەوە، دەتوانێت دووبارە فۆڕمەکە پڕبکاتەوە بۆ ئەوەی مافی نەخورێت، چونکە ئەو جۆرە تۆمار کردنە بەواتای ئەوە نایەت کە ناوی خۆیان تۆمارکردبێت، تەنیا سەردانی لینکەکەیان کردووە و ناویان تۆمارکردووە، بۆیە دەبێت دووبارە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و تاکو کۆد و بارکۆدییان بۆ بگەڕێتەوە”.
904 یەکەی نیشتەجێبوون، کە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و بەشێکیان تەواو کراون، لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕم دەدرێن بە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەختیکردەوە: “درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆرم، دەرفەتە بۆ ئەو خێزانانە هەڵەکانیان راست بکەنەوە و دڵنیابنەوە لە گەڕانەوەی کۆدەکە بۆیان”.