مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، كوژرانی زیاتر لە چوار هەزار كەسی لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەكە ڕاگەیاند و دەڵێ بەراورد بە ساڵی پێشووتر ژمارهى كوژراون ههڵكشاوه.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماری قوربانیانی شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە و ڕادەگەیەنێت “لە ماوەی ساڵی (٢٠٢٣)دا چوار هەزار و ٣٦٠ كەس، بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە كوژراون،”
دەشڵێت لە ساڵی 2023 ڕێژەی قوربانیان زیاتر بووە، بەراورد بە ساڵی 2022 كە ژمارەی كوژراون سێ هەزار و ٨٢٥ كەس بووە.
لە نێو قوربانیانی شەڕی ناوخۆی سووریا زیاتر لە هەزار كەسیان هاووڵاتی مەدەنی بوون و ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێ ” هەزار و ٨٨٩ كەس لە قوربانییەكان هاووڵاتی مەدەنی بوون و لە نێویشیاندا (٣٠٧) كەسیان خوار تەمەنی (١٨) ساڵ و (٢٤١) كەسی دیكەشیان ژنانی سەرووی (١٨) ساڵ بوون.”
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژە بە هۆكارەكانی كوشتن دەدات و دەڵێ “قوربانییەكان بەهۆی پاشماوەی مین و داعش و تۆپبارانی ڕژێمی سووریا، هەروەها بۆمبی چێنراو، ئەشكەنجەدان لە زیندانەكان، بۆردوومانی توركیا و چەندین هۆكاری دیكە كراونەتە ئامانج .”