” زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوونە”
زاری كرمانجی- سۆران:
خۆپیشاندان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پێی نایە 15 هەمین رۆژی خۆی و بەپێی ئامارە فەرمییەكان كە لە كەناڵەكانی ئێرانی بڵاویان كردۆتەوە ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە سەد كەس تێپەریوە و ئاڵۆزییەكانیش بەردەوامە، هەر بەپێی ئامارە بڵاو بووەكان لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ 19 كەس كوژران و 21 برینداریش هەبوونە.
ئەم ئامارانە لە میدیای فەرمی ئێران بڵاو كراونەتەوە و تەنها لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی سیستان و بەلوجستان 19 كەس كوژراون و 21 كەسیش برینداربوون.
لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، دوێنی لە تەواوی شارەكانی رۆژهەڵات مانگرتنی سەرتاسەری راگەیندرا و هاووڵاتییان دوكان و شوێنە گشتییەكانیان داخست بۆ ئێوارەش خۆپیشاندان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و زۆربەی شارە گرنگەكانی ئێران دەستیپێكردەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دوێنێ بڵاو كردەوە” لە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 83 كەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام كەناڵە فەرمییەكانی ئێران ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە “بە 102 كەس” هەژمار كرد، لە كاتێكدا رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی سیاسی لە دەرەوەی ئێران متمانەیان بەو ژمارەیە نییە و پێیانوایە بەهۆی ئەو كۆسپانەی ئێران لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەكان دروستی دەكات ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لە دەستداوە یا بریندار بوونە و دەستگیر كراون بە زیاتر لە ئاماری فەرمی دەزانن.
ئەمڕۆش لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران و رۆژهەڵات خۆپیشاندان و ئاڵۆزی بەردەوامە.