زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی لە زاگرۆس فەتاح ئاغا دەکات.
ڕۆژی شەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زاگرۆس فەتاح ئاغا، بۆ کۆچی دوایی خاتوو (تەڵا قادر ئاغا)ـی دایکی و هاوسەری شەهید فەتاح ئاغا سیوەیلی، سەرەخۆشی لە خۆی و خانەوادە و کەسوکاری کرد.
ژیاننامەی تەلا قادر ئاغا، دایکی زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی:
تەلا قادر ئاغا لە گوندی موبرەی قەزای شارباژێر لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە دایک بووە و لە بنەماڵەی ناوداری مەحموود ئاغای شیوەکەلەیە. قادر ئاغای موبرە یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی شێخ مەحموودی نەمر.
تەلا قادر ئاغا لە ساڵی 1963 لەگەڵ فەتاح ئاغا ھاوسەرگیری کردووە. لەبەر ئەوەی ژیانی پیشمەرگایەتی شەھید فەتاح ئاغا و بنەماڵەکەیان بە گشتی بەشێکی زۆری ژیانی لە ئاوارەیی بەسەر بردووە تا دواجار دوای نسکۆی شۆرشی مەزنی ئەیلول ئاوارەی ئێران دەبن. کاتێک فەتاح ئاغا لە سالی 1980 شەھیدبوو، تەلا قادر ئاغا لەگەڵ ھەر پێنج منداڵەکەی ئاوارەی ئێران بوون و بە شەھید بوونی فەتاح ئاغا تەلاخان بووە سەرپەرشتیاری ئەو خێزانە گەنجە کە یەکێکیان زاگروس فەتاح ئاغابوو کە ئەو کاتە تەمەنی دوو ساڵ بوو.