مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پۆلیسی كەركووك دوای تیرۆركردنی یەكێك لە كارمەندانی لە ناو بازاڕێكی میللی شارەكە، بڕیاری قەدەخەكردنی دەمامك و كلێتە و شاردنەوە و داپۆشینی دەموچاوی دا و لە ڕۆژانی داهاتوو هەر كەسێك ڕوخساری بشارێتەوە وەك سەرپێچیكارێك دژ بە یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
موقەدەم عامر شوانی گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركووك، ئەمڕۆ هەینی 29ی كانوونی یەكەمی 2023 ڕاگەیاند” فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركووك بڕیارێكی دەركرد كە شاردنەوەی دەموچاو بە پۆشینی دەمامك، جامانە، كلێتە، یان هەر پارچە قوماشێك قەدەخە دەكات و هەر كەسێك ئەم كارە بكات لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە وەك سەرپێچی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.”
شوانی لەسەر كوشتنی كارمەندەكەیان دەڵێ “فەرماندەیی پۆلیس بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە و كاری ئەمنی و هەواڵگری لە گەڕان بەدوای ئەو تیرۆریستانەدا كە دوێنێ پێنجشەممە هێرشیان كردە سەر ئەندامێكی پۆلیسی كەركووك و شەهیدیان كرد.”