زاری كرمانجی – هەولێر:
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان گوتی، راپۆرتێکمان لەبارەی چەند پرسێکی دارایی ئامادەکردووە و بڕیارە وەزیری دارایی بۆ ئەو مەبەستە بێتە پەرلەمان، کە چەندین پرس لەخۆدەگرێت لەوانە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان، محەمەد ئیلخانی، گوتی: “ئێمە راپۆرتێکمان لەبارەی چەند پرسێک ئامادەکردووە و چاوەرێ دەکەین کە وەزیری دارایی بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی گفتووگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتە بکەین و وەڵامی پرسەکانی تێیدا باس کراوە بداتەوە”.
محەمەد ئیلخانی گوتیشی: “ئەو راپۆرتەی ئامادەکراوە لەسەر چەندین پرسە لەوانە پلەبەرزکردنەوە و بابەتی مووچە و ھەروەھا لەسەر بوودجەشە، ھاوکات حکوومەت خۆی پلانی داناوە پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام پلانێکی داراییشی پێویستە چونکە رێژەیەک لەمووچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت، بۆیە ئەو پارەی بۆ مووچە تەرخان دەکرێت پێویستە برێکی زیاتربێت بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوە ئەنجامبدرێت”.