زاری كرمانجی :
یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا، بەتوندی سەركۆنەی سووكایەتیكردن بە فەخری كوردستان و عێراق (مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس) دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی كانوونی یەكەم، لە بەیاننامەیەكی یەكێتیی زانایانی كوردستاندا هاتووە، پاش بڵاوبوونەوەی ئەو سووكایەتییانەی لەلایەن مەهدی سومەیدەعی موفتی عێراق بەرانبەر بە زانای ناوداری كورد و موفتی پێشتری عێراق مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس- بیارە كراوە، یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، بەیاننامەیەكی ناڕەزایی و سەركۆنەكردنی بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە لە یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە، زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو سووكایەتییە دەكەین، كە نەك تەنیا سووكایەتییە بە كەسایەتیی پایەبڵندی مەرحووم مامۆستای مودەریس، بەڵكو سووكایەتی و برینداركردنی هەستی سەرجەم زانایانی كورد و عێراق و ناوچەكەیە.
باس لەوەش كراوە، مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس كەسایەتییەكی بلیمەت و ناوازە و هەڵكەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی كورد و زانایانی كوردستانە، بە كۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی، عەلامە و پێشەوا و موجتەهید و هەڵكەوتووی ناو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایكردووە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەكانی ببنە مایەی شانازی بۆ تاهەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتوا و كۆششە زانستییەكانی ئەم كەڵەزانایە، گەواهیدەری پاكی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگیی ئەم زاتە مەزنەن.
روون كراوەتەوە، ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەكانی كوردستان، رووبەڕووی حكوومەتی ناوەندی بكات، پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەكار بێنێت كە هەموو زانایانی عێراق خوازیاری بوون، نەك ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سووكایەتی بەرانبەر فەخری عێراق و كوردستان شێخ عەبدولكەرمی بیارە بەكار بهێنێت.
بۆیە بەناوی زانایانی كوردستانەوە، داوا لە لایەنی پێوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەكەین، بە زوویی رێكاری پێویست بەرانبەر ئەو كەسە بگرنەبەر، رێ نەدەن هیچ كەس و لایەنێك سووكایەتی بەرانبەر رەمز و سیمبولە ئاینییەكان بكات.