مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی گوتەبێژی سوپای پاسداران ڕاگەیاند هێرشەكەی حەوتی تشرینی یەكەمی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سلێمانی ئەنجامدراوە، هەمان ڕۆژ بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەكدا ڕەتی قسەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردەوە و ڕاگەیاند هەر هەنگاوێكیان دژی ئیسرائیل نابێت، بەهۆی ئەو داگیركارییانەیە كە ئەنجامی داوە.
ڕەمەزان شەریف گوتەبێژی سوپای پاسداران، دوێنێ چوارشەممە 27ـى كانوونی یەكەمی 2023 لەبارەی كوژرانی فەرماندەیيەكیان لەلایەن ئیسرائیلەوە له نزيك ديمهشق ى سووریا، قسەی كرد و گوتی “هێرشەكەی حەوتی تشرینی یەكەمی حەماس، لە تۆڵەی قاسم سلێمانی بووە، بۆیە ئیسرائیل هانای بۆ كوشتنی فەرماندەیەكی تری سوپای پاسداران بردووە.”
حەماس هەمان ڕۆژ قسەكانی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتكردەوە و ڕاگەیاند “هەر هەنگاوێكیان دژی ئیسرائیل نابێت، بەهۆی ئەو داگیركارییانەیە كە ئیسرائیل ئەنجامی داوە.”
لە ماوەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە بەردەوامی ئێران ڕەتی كردووەتەوە دەستیان لەو هێرشەدا هەبێت، بەڵام گوتەبێژی سوپای پاسداران ڕاستییەكانی پشت هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسی ئاشكرا كرد و بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن، ئێران لە ترسی كاردانەوەی قسەكانی گوتەبێژی سوپای پاسداران، داوای لە حەماس كردبێت خێرا ئەو قسانە ڕەت بكاتەوە بۆ ئەوەی كێشەییان بۆ دروست نەبێت.
دوای بەیاننامەكەی حەماس، ڕەمەزان شەریف گوتەبێژی سوپای پاسداران بە زوویی لەبەردەم مایكی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئێرانی دەركەوتەوە و پۆزشی بۆ قسەكانی هێنایەوە و ڕاگەیاند كە مەبەستی ئەوە نەبووە تۆفانی ئەقسا لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سلێمانی ئەنجام درابێت، بەڵكوو مەبەستەكەی ئەوە بووە یەكێك لە دەرهاویشتەكانی كوژرانی قاسم سلێمانی ئەوە بووە تۆفانی ئەقسا ڕوو بدات.