موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەینێت، بە شێوەی فەرمی داوایی سێ موچە بۆ مانگەكانی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەرانی كوردستان لە حكوومەتی عێراق كراوە .
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە ماوەی رابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەی فەرمی داوایی لە حكوومەتی عێراق كردووە بۆ دابین كردن و رەوانە كردنی موچەی هەرسێ مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2023ی فەرمانبەرانی كوردستان .
سیپان شێروانی، دووپاتی كردەوە، هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ رەوانە كردنی موچەی ئەو سێ مانگە، كە مافی ئاسایی و یاسایی فەرمانبەرانی كوردستانە .
بۆ موچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی خستەڕوو، پێشنیاری هەمواركردنەوەی ئەو مادە و یاسایەمان كردووە كە بەشێوەیەكی گشتی ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت و چیتر موچەی فەرمانبەران تێكەڵی بابەتی سیاسی نەكرێت و وەك فەرمانبەرانی عێراق سەیر بكرێن، بۆ ئەو بابەتەش پێویستی بە رێكەوتنی سیاسی و زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ جیاكردنەوەی موچە لە كێشەكانی دیكە .
جێگەی ئاماژەیە، حكوومەتی عێراق بە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ موچەی نۆ مانگی ئەمساڵ نۆ 700 ملیار دیناری رەوانە كردووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی سێ مانگی كۆتای ئەمساڵ دیار نییە .