زاری كرمانجی- سۆران:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ٢٥٠ پڕۆژە ئەنجامدراون، كە زیاتر لە ٣٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و بەم نزیكانە ژمارەیەكی پڕۆژەی تازە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: “حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەمساڵ گرنگیەكی تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە و پڕۆژەیەكی زۆرمان ئەنجامداوە، كە پڕۆژەی ستراتیژی و مامناوەند بوونە و ئەو پڕۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ پڕۆژە بوونە لە بواری ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و بوارەكانی دیكە و لەم نزیكانە چەند پڕۆژەی دیكەی ستراتیژی دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە”.
ناوبراو جەختیش دەكاتەوە، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر گرنگی بە پڕۆژەی ڕێگاوبان دەدات و ھەبوونی ڕێگاوبانێكی باش دەتوانێت سوود لە كەرتی گەشتیار و كەرتەكانی دیكە وەرگرێت، كە ھاتووچۆ ئاسان دەكرێت، بۆیە ھەموو ھێڵە سەرەكیەكان دروست دەكرێت، ئەمەش وادەكات ئاسانكاری زۆر باش بۆ ھاتووچۆ بكات بەتایبەت سۆران دوو دەروازەی ھەیە و ئێستا یەكێكیان نۆژەن دەكرێتەوە، ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ جوڵەی بازرگانیش.
ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: “ئێمە دوو بوودجەمان ھەیە بوودجەی وەبەرھێنان و بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و ئەمساڵ زیاتر لە ٣٥ ملیار دینار بۆ پڕۆژەكان خەرجكراوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزا و ناحیەكانیش و ٧٠%ی بوودجەش بۆ بواری ڕێگاوبان تەرخانكراوە”.
شێخ نەجیب باسی لەوەشكرد: “لەدوای ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیندرا ھەموو ئەو پڕۆژانەی بەنیوەچڵیش بەجێمابوون ئەوانیشمان دەستپێكردۆتەوە، بۆیە پار ساڵ ٩٥%ی پڕۆژەكانی تەواو نەكراو تەواوكران و ھیچ پڕۆژەمان نەماوە دەستمان پێكردبێت وەستابن و ڕەنگە دواكەوتن ھەبێت ئەویش رێكاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر، بۆیە ئێمە ڕێگە نادەین پڕۆژە ئەنجامبدرێت و تەواو نەكرێت”.

































































