زاری كرمانجی-سۆران:
لە کابینەی نۆیەم چوار بەنداو بە گوژمەی زیاتر لە 45 ملیار دینار لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و 13 بەنداوی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، چوار بەنداو لە هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 45 ملیار دینار دروستکردووە و کاریش لەسەر 13 بەنداوی دیکە دەکات کە گوژمەکەیان زیاتر لە 553 ملیار دینارە، پڕۆژەکان لەلایەن ئەندازیار و کارمەندانی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێن و هەزاران هەلی کاریشیان رەخساندووە.
عەبدولرەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تائێستا هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودیان لێوەردەگیرێت، لە پلاندایە لە هەندێک بەنداوی دیکەش کارەبا بەرهەم بهێنن، چونکە بەشێکیان وێسگەی کارۆئاویان تیایە، ئەوانی دیکەش بۆ بابەتی ئاودێری و گڵدانەوەی ئاو و بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنرێن.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان، 21 بەنداو هەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی، جگە لە بەنداوەکان حەوت پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراون و 42 پۆندی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردن دان.