گووتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند “پشوو درێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ كۆبونەوە و دانیشت و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم وەك عێراق لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن”.
پێشەوا هەورامی، گووتەبێژی حكومەتی هەرێم لە میانی گفتوگۆیەكی بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند”لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی تاوەكو 10كۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، بۆ سەقامگیری عێراق و مانەوەی عێراق بە سەقامگیری دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم جیا بكرێتەوە و فەرمانبەرانی هەرێمیش وەك عێراق لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن”.
گووتەبێژی حكومەت زیاتر روونیكردۆتەوە ” لە ساڵی 2023 لە پێناو گەیشتن بەچارەسەر پشوو درێژبووین، بەڵام ئیتر هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ كۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەكەی چارەسەرە، پێویستە ئەمساڵ كێشەكانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێككەوتنەكان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەكەین لە حكومەتی فیدڕاڵ حكومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیكەدا دەگەڕێت”.
پێشەوا هەورامی، ئاماژەی بەوەشكردووە” لە ساڵی 2023 هەوڵی زۆرمانداو دانیشتنی زۆر كراون لەسەر پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوورییەكان، باج و وردەكاری لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لە هەمووی گرنگتر بابەتی نەوت، حكومەت هیچ نەمایەوە بیكات چی پێویست بوو كردمان، بۆیە ساڵی 2024 وەك ساڵی رابردوو ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە سەیر دەكەین، ئەو هەموو كاتەی بە كۆبوونەوە كوشتمان بە نییەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە كات بدرێت بە كۆبوونەوەكان، چونكە ئەوەی پێویست بوو كردمان.”