زارى كرمانجى :
د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان، چەند ڕێنمایییەک ئاراستەی ئەو دایک و باوکانە دەکات کە منداڵەکانیان کێشەی باڵایان هەیە.
١- زوو خەوتن، کاتژمێر ٧-٨:٣٠ی ئێوارە باشترین یارمەتیدەرە کە وا دەکات هۆرمۆنی گەشە بە شێوەیەکی چالاک کارەکانی ئەنجام بدات .
٢- وەرزشکردن، هەفتانە ٣ تا ٥ ڕۆژ ماوەی کاتژمێرێک یان زیاتر یارمەتییەکی باشی بەرزبوونی باڵای منداڵ دەدات.
جۆرەکانی وەرزش وەک : مەلەوانی، خۆ هەڵواسین، خۆ ڕاکێشان، ڕاکردن ، پەتپەتێن و یاری سەلە.
٣- خۆراک، خۆراکی سروشتی و جۆرا و جۆر بەتایبەتی بەروبوومی ماسی، هێلکە، مریشک و گۆشت.
سپیایی وەک : شیر، ماست و پەنیر و…هتد.
پاقلەمەنی وەک نۆک، نیسک و چەرەز و…هتد.
دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی، چەوری، سوێری، خواردنی لە قوتوو نراو و هەڵگیراوی ناو کیس .
٤- خۆدانە بەر خۆر، ڕۆژانە بۆ ماوەی ٥ خولەک یان زیاتر لە کاتی ٩ی بەیانی تا ٣ی دوای نیوەڕۆ، لە دەرەوە، چەند بێ جل و بەرگ بێت باشترە.
٥- خوێندنەوە، ڕۆژانە دیاریکردنی کاتێک بۆ خوێندنەوە زۆرترین وەرزش بە مێشکی منداڵ دەکات و یارمەتی ئارامکردنەوە و دەردانی هۆرمۆنی گەشە دەدات.
٦- وازهێنان لە شاشە و ئامێری ئەلیکترۆنی، منداڵی خوار ٢ ساڵی نابێت سەیری هیچ شاشەیەک بکات، سەروو ٢ ساڵیش زۆرترین کات ١ کاتژمێرە و تا کەمتر بێت باشترە.
٧- خۆشەویستی و تووڕە نەبوون، پێویستە دایک و باوک لە منداڵەکانیان تووڕە نەبن چونکە پەستان دەخاتە سەر مێشک و دەردانی هۆرمۆنەکان تێک دەدات، منداڵ تووشی ناڕێکی دەروونی دەکات و گەشەی لاواز دەکات.