زاری كرمانجی-سۆران
بەفەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، لەسەرەتای ساڵی نوێوە ھەرچی كۆمپانیا و دامەزراوەی كەرتی تایبەتە، دەبێت %75 ـی كارمەند و كرێكار و كارگەرەكانیان كورد بن, لەگەڵ دەستەبەركردنی ئاسایشی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران (بەزۆرە ملێ بە پابەندبوون بە یاسا) بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوون بەڕێوە چوو.
پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “سەبارەت بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی ڕەخساندنی دەرفەتی كار بە ڕێژەی لە 75% بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە كەرتی تایبەت و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و دابینكردنی ئاسایشی كار و نەفەوتانی مافەكانی كرێكاران و چاودێریكردنی خاوەن كار و پڕۆژەكان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە (172) و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئەنجام درا.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران هاوكار و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەستبەری كۆمەڵایەتی بن لە پێناو لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە سەرەتای ساڵی نوێوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تەئكید لە پاراستنی مافی كرێكاران لە هەموو بوارەكانی پەیوەست بە پرۆسەی كاركردن و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان كرایەوە، هەروەها دووپات كرایەوە كە لە سەر هەموو فەرمانگە و دامەزارەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە بەردەوام بن لە چاودێریكردنی خاوەن كار و پڕۆژەكان، لەپێناو دەستەبەری كۆمەڵایەتی و دابینكردنی ئاسایشی كار و نەفەوتانی مافی كرێكاران.