ئەمڕۆ 81 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی جەنگی ئیسرائیل و غەززە تێدەپەڕێت و رۆژانە ژمارەی قوربانیان روو لە زیاد بووندایە بە تایبەتی لە نێو خەڵك سڤیل، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین “ژمارەی كوژراوان گەیشتۆتە 20 هەزار و 700 هاووڵاتیی غەززە، 54 هەزار و 500 كەس بریندار بوون.”
بەپێی راگەیاندنەكانی ئیسرائیلیش ژمارەی كوژراوان گەیشتۆتە سەرووی هەزار و 350 كەس، لەو ژمارەیەش 150 كەس لە ئاكامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەر لە خاكی غەززە كوژراون.
یۆرۆنیوز، وای بڵاو كردۆتەوە كە ” زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل، پێوەندیی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماسەوە هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون”.