زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەرێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی دیاركرد:” لە 27 قوتابخانەی سنوورەكەمان دوو دەوامی تێدا ماوە، پێمان باش بوو هەموو یەك دەوامی بانە، بەڵام ئەوە كاتی دەوێت، پێویستیمان بە چەندین بینا هەیە، هەندێك لە قوتابخانەكانی ئێمە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی كە توانی 5 قوتابخانە نۆژەن بكاتەوە، هەروەها قوتابخانەیەكی 9 پۆلی لە دواناوەندی كەونەگوند دروست كراوە و لەو چەند رۆژەدا دەكرێتەوە، هەروەها نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی بڕیاری داوە 20 قوتابخانەی دیكە نۆژەن بكاتەوە، ئیدارەی سۆرانیش نۆژەنكردنەوەی چەند قوتابخانەیەكی لە ئەستۆ گرتووە، نۆژەنكردنەوە كارێكی باشە، بەڵام دروست كردنی قوتابخانە لە هەندێك شوێن زۆر پێویستە، بەتایبەتی قوتابخانەی شانەدەر كە لە ساڵانی نەوتەكانەوە دروست كراوە، بنەڕەتی و دواناوەندی شانەدەر هەر دووكیان لە یەك بینادا دەخوێنن، قوتابییانی 12 گوند لەو قوتابخانەیە دەخوێنن، بۆیە داوا دەكەین حكوومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت و دەزگا خێرخوازەكان بێنە سەر خەت بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەكی مۆدێرن لە گوندەكە، لە هەندێك شوێنی دیكەش پێویستمان بە بینای قوتابخانە هەیە.
گوتیشی:” 23 قوتابخانەی ئێمە لە كابینەدان، یان لە بینای سەر خۆڵن، ئەوانیش شیاو نین بۆ خوێندن، ئەوە بەس بۆ ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەو شوێنانە نەوەستێت، ئەگەرنا بۆ خوێندن شیاو نین”.