نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەكی دەركرد و رای دەگەیەنێت، سەركۆنەی ئەو هێرشە دوژمنكارانەیە دەكەین، ئەم راگەیاندنەش دوای هێرشەكەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەی هێزە چەكدارەكانی عێراق هات.
ئەمڕۆ سێشەم 26-12-2023، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەێندراێكیان بڵاو كردەوە كە تێدا هاتووە ” وەك حكوومەتی عێراق دووپات لەوە دەكەینەوە بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشانە دەكەین، كە هەندێك گرووپ بۆ سەر بارەگاكانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە بیانییەكان یا ئەو شوێنانەی ڕاوێژكاری سەربازیی وڵاتانی دۆست تێیدان دەكرێت.”
لەبەشێكی دیكەی راگەیندراوەكە هاتووە ” ئەم هێرشانە پێشتر وەك كردەوەی دوژمنكارانە دەستنیشان كران، كاریگەریی لەسەر سەروەریی دەوڵەتی عێراق هەیە، هەروەها قبووڵ ناكرێت لە هەر بارودۆخێكدا یا لە ژێر هەر ناوێك یا پاساوێكدا ئەنجام بدرێن”.
زیاتر نووسراوە ” حكوومەتی عێراق سەركۆنەی ئەو هێرشەش دەكات كە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئەمەریكا كردییە سەر شوێنە سەربازییەكانی عێراق بە بیانووی وەڵامدانەوە، كە بووە هۆی كوژرانی سەربازێك و برینداربوونی 18 كەسی تر، لەناویاندا كەسی سڤیل هەیە، ئەمەیش كردەوەیەكی دوژمنكارانەیە، پێچەوانەی خواستی كاركردنمانە لەگەڵ ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانمان”.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە” ئەو هێرشە زیان بە پێوەندیی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمەریكا دەگەیەنێت، چونكە هێزەكانمان دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش، توانیان ئارامیی وڵات بپارێزن و ڕێ نادەین هیچ لایەنێك زیان بەو سەركەوتنە بگەیەنێت”.