به‌ختیار سه‌باح-زاری كرمانجی:
ئێسته هاووڵاتییانی هه‌رێم، به فه‌رمی ده‌توانن به ڕێگه‌ی وشكانی بچنه عومره، پێشتر ته‌نیا بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاكانی عێراق بوو. سه‌دره‌دین سیرینی، یه‌كێك له خاوه‌ن كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره به زاری كرمانجی ڕاگه‌یاند: ” پێشتر هاووڵاتییانی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق به ڕێگه‌ی وشكانی گه‌شتی عومره‌یان ده‌كرد، ته‌نیا بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێم نه‌بوو، هه‌رچه‌نده له كوردستانیش هاووڵاتییان به ڕێگه‌ی وشكانی ده‌رۆیشتن، به‌ڵام به فه‌رمی نه‌بوو”. گووتیشی، دوێنی یه‌كشه‌ممه 24ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم، بڕیاردرا كه خه‌ڵك له پارێزگاكانی هه‌ڕێمی كوردستان، بتوانن به ڕێگه‌ی وشكانی به پاس گه‌شتی عومره ئه‌نجام بده‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره بۆ ساڵی (2023 – 2024 ) ڕێگه‌پێدراون، ته‌نیا ئه‌وان ده‌توانن گه‌شتی عومره بۆ هاووڵاتییان ئه‌نجام بده‌ن.