زاری كرمانجی-سۆران:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ساڵی داهاتوودا کۆنفرانسێک بۆ پرسی کردنەوەی چەند نوێنەرایەتیەکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە، دەبەستن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند، فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ئەو 14 نوێنەرایەتیەی لە دەرەوە هەیە، لەسەر کارنامە و سیاسەتی حکومەتی هەریمی کوردستان کار دەکەن و هیچ داهێنانێکی سیاسیی تازە ناکەن، بۆیە کارنامە و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە روون و ئاشکرایە، ئێمە هەمیشە خوازیارین پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ دونیای دەرەوە هەبێت، بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.
لەبارەی پرسی کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد، دووچاری کێشەی دارایی و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بووینەوە و ئاستەنگمان هاتە پێش، بەڵام لە کارنامەمان هەیە ژمارەیەک نوێنەرایەتی لە وڵاتان بکەینەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی کە ئێستا 7 کونسوڵگەری وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر هەیە، بۆیە ئاساییە ئێمەش لەو وڵاتانە نوێنەرایەتیمان هەبێت، گوتیشی: ئەو پرسە ئێستا لەژێر دیراسەکردندایە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە توانای مرۆیی و دارایی هەیە، لە سەرەتای ساڵی نوێدا بەرنامەمان هەیە کۆنفرانسێکی نوێنەرایەتیەکانمان ببەستین، لەوێ پرسی نوێنەرایەتیەکان و کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێش گەڵاڵە دەکەین و بڕیاری پێویستیشی لەبارەوە دەدەین، دزەیی گوتی: دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین و خوازیاری ئاشتین بۆ ئەو وڵاتانەی شەڕ و ناکۆکیان تێدایە، بەو ئومێدەین بتوانین پردی پەیوەندی زۆرتر و زیاتر دروستبکەین.