شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پێشتر هەڵمەتێكم راگەیاند بەناوی منداڵان زوو بخەوێنن، لە ئێستاشدا كەمپینێكم داناوە بەناونیشانی كەمپینی منداڵەكان بخوێننەوە، كە لە ڕۆژی 5/10 لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، بە هەماهەنگی وەزارەتی ڕۆشنبیری، كتێبخانەی گشتی هەولێر، تەندروستی قوتابخانەكان، كۆمەڵی پزیشكانی منداڵانی كوردستان و چەند قوتابخانەیەك بەڕێوە دەچێت.
گووتیشی”هەموو ئەوانە بیرۆكەی خۆمە و دەمەوێ لە رێگەی ئەم كارانەوە منداڵەكانمان لەڕووی تەندروستی و ئاستی بەرزی خوێندن بەرەو پێش ببەم، هەروەها دەمەوێ لە رێگەی زاری كرمانجیەوە ئاگاداری خەڵكی سۆران بكەمەوە كە لە 6/10 دەمەوێ هەڵمەتەكە بهێنمە ئیدارەی سۆران بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداربن، هەر قوتابخانەیەكی حكومی یان ناحكومی بیەوێت بەشدار بێت ئەوا دەتوانێت لە رێگەی زاری كرمانجی ئاگادارم بكاتەوە، هەڵمەتەكەش بۆ هەر قوتابخانەیەك بێت بێ بەرامبەرە بەڵام دەبێ لەناو قوتابخانەكە كتێبخانەیان هەبێت، چەند قوتابیەك كتێب دەخوێننەوە و خەڵاتیش دەكرێن.
ئاشكراشی كرد” ئەمە سەرەتایە و كاری گەورەتر دەكەم بۆ منداڵەكانمان، دوای ئەم هەڵمەتە دوو پڕۆژەی گەورەترم لە پێشە كە بەشێك لە كارەكانم تەواو كردووە، تەنها هەندێك كار ماون ئەوانیش پێویستە بیكەم و دواتر پێشكەشتان دەكەم”.