زاری كرمانجی- رواندز:
لە چەند رۆژی رابردوو لە سنووری قەزای رواندز دوو كەس بە تۆمەتی راو كردن دەستگیر كران، هەروەها پێشتریش چەندین كەسی دیكە بە هۆی برینەوەی داری تەڕ دەستگیر كراون.
عەقید ئەمیر، گووتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت ” دوای بڵاو بوونەوەی ئەو وێنانەی لە زاری كرمانجی بڵاو بوونەتەوە كە لە سنووری گوندی فەقیان و بە تایبەتی بێرمێ گیرابوون، كە داری تەڕ و بەتەمەنیان بریبۆوە، ئێمە بەدواداچوونمان كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنە لە گوندی فەقیان دوورە و خودی گوندەكەش لەم وەرزە چۆڵ دەبێت، كەسیش نەبووە هەواڵمان بداتێ یا هاوكارمان بێت، لەبەر دووری و سەختی رێگاكەش نەتواندراوە بچینە ئەوێ، بەڵام بەدواداچوونەكانمان بەردەوامن پێشتریش چەندین كەسمان لەسەر بڕینەوەی داری تەڕ دەستگیر كردووە و رادەستی یاسامان كردوون”.
لە بارەی دەستگیر كردنی چەند راوچییەكیش، گووتەبیژی پۆلیسی دارستان و ژێنگەی سۆران گووتی ” لە چەند رۆژی رابردوو دوو كەسمان بە تۆمەتی راوكردن دەستگیر كرد و دەستمان بەسەر دوو چەكی جۆری تاپڕ و برنۆیەكدا گرت و ئێستا دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە لە دادگا”.
عەقید ئەمیر گووتیشی ” داوا لە هەموو هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سۆران دەكەم، لە كاتی بینینی هەرجۆرە حاڵەتێكی راوكردن یا بڕینەوەی داری تەڕ هێزەكانمان ئاگادار بكەنەوە بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی ناوچەكەمان”.