مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە كە ئافرەت لە نێو چاكسازییەكانیان بە مەبەستی كاری لەشفرۆشی برابێتە دەرەوە و دەڵێ “هەر كەسێك بیسەلمێنێت لە سەردەمی ئێمەدا ژن لەناو چاكسازییەكان بۆ كاری بەدڕەوشتی براوەتە دەرەوە دەست لە كار دەكێشمەوە،”
كوێستان محەممەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە و دەڵێ “بردنە دەرەوەی ژنان لە چاكسازی تەنیا لە دوو حاڵەتدایە، ئەگەر نەخۆش بێت یا ئەگەر كێشەی یاسایی هەبێت ئەویش هەر دوو حاڵەتەكە بە ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی دەبێت، جگە لەم حاڵەتانە هیچ پیاوێك و ژن و مێردمنداڵێكیش ناتوانێت بچێتە دەرەوە لەم چوار ساڵەدا، بۆیە هەر شتێك گوترابێت لە پێش ئەم كابینەیە ئێمە لێی بەرپرس نین، ئەو چاكسازییانەی كردوومانە شانازی پێوە دەكەین و هەر كەسێك ئەگەر بیسەلمێنێت لە سەردەمی ئێمەدا ژن لەناو چاكسازییەكان بۆ كاری بەدڕەوشتی براوەتە دەرەوە من لەبەردەم ئێوەدا دەست لە كار دەكێشمەوە.”
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی باس لەوەش دەكات بەدواداچوون بۆ ڕەوشی سزادراوەكانی چاكسازی كراوە و ڕاگەیاند كە ناهێڵین هیچ كەسێك تۆمەتیان بۆ دروست بكات كە ببێتە هۆكارێك بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دەشڵێت “ئەوەی نیگەرانی كردووین تۆمەت و ناوزڕاندن بە ژنەكانی ئێمە كراوە، ئێمە لە چاكسازییەكان 172 سزادراوی ژنمان هەیە تەنیا 91 ستافمان هەیە ئەو ستافانە بە شەویش دەوام دەكەن وەك سەربازی ون زۆرترین ئەركیان لەسەرە و ستافەكانیش هەموویان ژنن.”


































































