زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ڕێوڕەسمێكدا لەبەردەم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پاش ئەوەی فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچوو، هەریەك لە دادوەر جاسم جەزا جافر، دادوەر جاسم محەمەد مستەفا و دادوەر تاهر عەلی حەسەن بۆ ئەندامیەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، سوێندی یاسایییان خوارد و دەستبەكار دەبن.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردۆتەوە، لە ڕێورەسمەكەدا كە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و جێگرانی و سەرۆكی داواكاری گشتی ئامادە بوون، دوای سوێندخواردن، لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ دادوەرانی بەڕێز، جەختی لە پارێزگاری و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان كردەوە، بە شێوەیەك كە ببێتە مایەی جێبەجێبوونی دادوەری، هەروەها جێی دڵنیایی و متمانەی هاووڵاتیان.
لە چوارچێوەی بایەخدان بە دامەزراوەی دادوەریدا و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی دەسەڵاتی دادوەری، پاڵپشت بە بڕگەی شازدەهەم لە مادەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو و لەبەر ڕۆشناییی داواكاریی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی ئەو سێ دادوەرە بەڕێزە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان واژۆ كردووە.