شەهلا رەشید- سۆران
د.پشدەر عەبدوڵلا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، دەڵێت” هەندێ جۆری دەرمان، كەم خەوی و گۆڕینی شێوازی خەوتن، نەخواردنی ژەمێكی خواردن، وشكبوونەوە لە كاتی نەخۆشیدا، پەستانی دەروونی، برینێكی بچووكی سەر، یاخود بۆ ماوەیەكی زۆر سەیركردنی تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر، كێشەی بینین، زۆر مانەوە لە ئۆتۆمبێلدا ئەگەر سەفەرێكی درێژی هەبوو، گوێ گرتن لە مۆسیقای بەرز، بۆنی قوڕس و گران، هەندێك جۆری خواردن وەك پەنیر، چوكلێت و پیتزا، هەموو ئەمانە دەبنە هۆكاری سەر ئێشە لە منداڵاندا.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” هەندێك لە نیشانە خراپەكانی سەرئێشە كە بریتین لە كەمبوونەوەی هۆش، ئەگەر سەرئێشەكە منداڵەكەت خەبەر بكاتەوە بە تایبەتی لە بەیانیان یاخود دوای بەخەبەرهاتنەوەی لە خەوی بەیانیان دەستپێبكات، كاتێك بەركەوتن لە سەری منداڵەكە دروست دەبێت و لە هۆش خۆی بچێت، پەڵە لە پێستی دەربكەوێت، بە قورسی هاتووچۆ بكات و توانای بە پێوە وەستانی نەمێنێت، قسەكردنی گران بێت یاخود توانای قسەكردنی هەر نەمێنێت، ملی ڕەق بێت و ئازار و تای لەگەڵدا بێت، توانای ڕۆیشتنە قوتابخانە و چالاكی ڕۆژانەی نەمێنێت، ئاو خواردنەوە و میزكردنیشی زیادی كردبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ پێویستە ببردرێتە لای پزیشكێكی پسپۆڕ.
كاتێك باسی خەوتنی پێویست دەكرێت توێژەران پێیانوایە 8 كاتژمێر نووستن زۆر باشە و سوودی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، لەمبارەوە توێژینەوەیەكی زانایانی زانكۆی بنسلڤینا، كە لە ڕۆژنامەی Psychosomatic Medicine بڵاوكراوەتەوە ئاشكرایكردووە” كەم خەوی تەنها پێنج كاتژمێر لە شەوێكدا بێت وێرانكاری لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەكان دروست دەكات، هەروەها بە قەرەبووكردنەوەی خەوتن لە كۆتایی هەفتەدا بەهۆی كەمخەوی لە ماوەی هەفتەی كاركردندا، لێدانی دڵ و ئاستی پەستانی خوێنی بۆ ئاسایی نابێتەوە.
لە میانی توێژینەوەكەدا، تیمی توێژینەوەكە بۆیان دەركەوتووە” ئەوانەی كاتژمێرەكانی خەوتنیان بۆ پێنج كاتژمێر سنووردار كردووە، پەستانی خوێن و لێدانی دڵیان بەرزتر بووە، تەنانەت ئەگەر لە كۆتایی هەفتەشدا قەرەبووی بكەنەوە، بۆیە پێشنیاریان كردووە ڕۆژانە لە سەرووی ئەم بڕە بخەون بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە دووركەوتنەوە لەو حاڵەتە كوشندەیە لە درێژخایەندا.