مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری گشتیی فێركردنی بنەڕەتی لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، ئاشكرای دەكات گۆڕانكاری لە پشووی قوتابییانی بنەڕەتی كراوە و قوتابییانی یەك تا سێی بنەڕەتی مانگێك پشوویانە.
جەسام موشیر، بەڕێوەبەری گشتیی فێركردنی بنەڕەتی، لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند “گۆڕانكارییەك لە پشووی قوتابخانەكانی بنەڕەتی كراوە و دەبێت باوانی قوتابییان ئاگادار ئەو گۆڕانكارییە بن،”
بەڕێوەبەری گشتیی فێركردنی بنەڕەتی، سەبارەت بە وردەكاری ئەو گۆڕانكارییە ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێ “سەبارەت بە بازنەی یەكەم، پۆلەكانی یەك و دوو و سێ، بەپێی ساڵنامەی خوێندن تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم لە 24 و 26 و 27 و 28ی 12 بوو، بەڵام بەهۆی پشووی سەری ساڵ گۆڕیمان بۆ 19و 20 و 21ی 12ی 2023، تاقیكردنەوەی بازنەی یەكەم تەواو بوو، بۆیە خوێندكارانی بازنەی یەكەم لە پشوودا دەبن، تاوەكوو یەكەم ڕۆژی دەستپێكی وەرزی دووەم، كە دەكاتە ڕۆژی 21ی1ی 2024.”
جەسام موشیر سەبارەت بە قۆناخەكانی دیكەی خوێندن، ئاشكرای دەكات “پۆلی چوار تا 12، لە ڕۆژی 25ی 12ی 2023 پشوویانە، تاوەكوو 2ی 1ی 2024، لە ڕۆژی 3ی1ی 2024 تاقیكردنەوەیان دەست پێ دەكات و لە 15ی 1ی 2024، كۆتایی دێت.”
دەشڵێت “پشووی پۆلی چوار تاوەكوو 12، لە 16ی 1ی 2024، دەست پێ دەكات و ڕۆژی 21ی 1ی 2024، وەرزی دووەمی خوێندن دەست پێ دەكاتەوە.”
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی سەری ساڵەوە، بڕیاری داوە لە 25 ی12ی 2023، تا 1ی1ی 2024 لە سەرجەم دامودەزگا حكومییەكان پشووی فەرمی دەبێت، لە 2ی1ی 2024یش دەوامی فەرمی دەست پێ دەكاتەوە.