سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
ئەندەنوسیا یەكێك لە خراپترین كارەساتەكانی تۆپی پێی لەخۆگرت، بەهۆی ئاژاوەگێڕی هاندەران لە یارییەكی خولی نایاب لە شاری مالانگ، كە دوێنێ شەممە یەكی مانگی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر) ڕوویدا، بەو هۆیەوە 129 كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی 180 كەسیش برینداربوون.
نیكۆ ئاڤێنتا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای جاوای ڕۆژهەڵات بە دەزگا ڕاگەیاندنەكانی گوت،” دوای یاریی نێوان پێرسیبایا سورابایا بە ئەنجامی 3-2 لە ئاریما بردەوە، هاندەرانی تیپە دۆڕاوەكە هێرشیان كردە نێو یاریگاكە و پۆلیس ـش گازی فرمێسكڕێژیان رشت و بەهۆیەوە پەلەقاژە و خنكاندنی لێكەوتەوە.
لە یارییەكانی پێشووی وڵاتانی ئاسیایەدا ئاژاوە و توندوتیژی ڕوویان داوە، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ئەو ڕكابەرییە بەهێزەی، كە لە نێوان بەشێك لە یانەكاندا هەیە.
دوای ئەم رووداوە دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئەندەنوسیا، بەهۆی ئەو كارەساتەی لە یاریگەی كانجوروهان روویدا، هەڵپەساردنی كێبڕكێیەكانی بۆ ماوەی هەفتەیەك راگەیاند. هاوكات فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەندەنوسیا ڕایگەیاندووە، دەست بە لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە دەكەن.
هاوكات حكومەتی ئەندەنوسیا داوای لێبوردنی كرد بۆ ئەوەی ڕوویدا و بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەكە بكات.
زەینەدین عەمالی، وەزیری وەرزشی ئەندەنوسیا بۆ كەناڵی كۆمپاس پشتڕاستی كردەوە، كە دەسەڵاتداران رێوشوێنی سەلامەتی لە یارییەكانی تۆپی پێدا هەڵدەسەنگێننەوە، لەگەڵ رەچاوكردنی رێگریكردن لە ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەكان دوای ئەم كارەساتە.
یەكەمین جار نییە ئەو كارەساتە روودەدات، پێشووتر دوو كارەساتی لەم شێوەیە روویانداوە، لەوانە كارەساتی یاریگەی هیڵسبۆرۆ لە شاری شێفیڵد بی شانشینی بەریتانیا، كاتێك لە مانگی نیسانی (نیسانی 1989) 96 هاندەری لیڤەرپوول كوژران لە ئەنجامی تێكچوون و بەگژیەكداچوون، رووداوەكە لە یاریگایەكی داخراو و قەرەباڵخدا روویدا و بەكارەساتێكی گەورەی مێژوو دانراوە.
هەروەها كارەساتی پۆر سەعید زیاتر لە 70 هاندەر كوژران و زیاتر لە هەزار كەسیش برینداربوون لە یارییەكی نێوان ئەهلی و ئەلمەسری لە ساڵی 2012، بەهۆیەوە چالاكییەكانی خولی میسر بۆ ماوەی دوو ساڵ سڕكران.