مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە كاتی گەڕانەوەی لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ، پاسپۆرت و مۆبایل و تابلۆی خەڵاتەكەی پەرلەمانی ئەوروپا، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ئێرانەوە دەست بەسەر دەگیرێت.
مافی مرۆڤی كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات شەوی هەینی ساڵح نیكبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە كاتی گەڕانەوەی لە گەشتەكەی لە فەرەنساوە بۆ ئێران، لە فڕۆكەخانەی خومەینی تاران لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و جگە لە پاسپۆرت و مۆبایلەكەی، دەستیان بەسەر تابلۆی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەورووپاشدا گرتووە.
پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی مافی مرۆڤی یەكێتی ئەورووپا (ساخارۆڤ)ی بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران بەخشی. ئەو خەڵاتە بەهاكەی دەگاتە 50 هەزار یۆرۆ، بەرزترین خەڵاتە كە ساڵانە لە لایەن یەكێتی ئەورووپاوە دەدرێتە چالاكوانانی مافی مرۆڤ.
دوای ئەوەی ئێران ڕێگەی بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی نەدا 8 ی مانگی 12 لە ئێرانەوە گەشت بۆ فەرەنسا بكەن بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ، بۆیە ساڵح نیكبەخت بەناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینییەوە 12ی مانگی دوازدە بەشداری لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی ساخارۆفدا كرد لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە ستراسبۆرگی فەرەنسا و پەیامی دایكی ژینای خوێندەوە و خەڵاتەكەی وەرگرت.
هاوكات تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاوی كردووەتەوە، ساڵح نیكبەخت ی پارێزەر سزای قەدەخەكردنی گەشتی بەسەر سەپێنراوە و لە هەمانكات هێزەكانی ئاسایش ئەو پارێزەرەیان ئاگادار كردووەتەوە پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆی بناسێنێت بە دادگا بۆ جێبەجێكردنی سزای یەك ساڵ زیندانیكردن كە پێشتر بەسەریدا سەپێنراوە.