زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد:” لە دوای 2014 هیچ مامۆستایەك دانەمەزراوە، ئەو مامۆستایەی پێش 2014 وەرگیراوە دەبێت 5 ساڵ لامان وانە بڵێتەوە، كاتێك كە كاتەكەی تەواو بوو، دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت ناچارین بە وانەبێژ پڕ بكەینەوە، ئەوەش تەنها گرفتی یەك پەروەردە نییە، بەڵكو هەر چوار پەروەردەی حەوزی سۆرانە، لە هەر چوار پەروەردەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز رێژەی وانەبێژان گەیشتووتە ئاستێك كە زیاتر بێت لە میلاكی هەمیشەیی، ئەگەر ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و كەس دانەمەزرێت لە داهاتوودا كێشەمان بۆ دروست دەبێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتیشی:” داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چاوێك بەو بابەتەدا بخشێنرێتەوە، ئەگەر هەندێك لەو وانەبێژانە كە زیاتر لە 5 ساڵە وانەبێژن، وەكو مامۆستایەكی هەمیشەیی لێ هاتووە، زانیاری هەیە، ئامادەیە، تەنهابڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوێت، لە جیاتی وانەبێژی بكرێنە گرێبەست، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو دڵەڕاوكێیە رزگار بن و زیاتر هاوكار بن بۆ گەیاندنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانەكان”.