مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری توركیا ناسنامەی ١٢ سەربازی كوژراوی خۆی لە ماوەی ٢ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی x داوای لێخۆشبوونی بۆ سەربازە كوژراوەكانی لە خودا كرد و ڕاگەیاند “بە هەر بەهایەك بێت توركیا ڕێگە بە پێكهاتەیەكی تیرۆر نادات لە باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) یان باكووری سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان). بەدڵنیایییەوە لە خەباتمان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بكوژە بەكرێگیراوەكان بەردەوام دەبین و زوو یان درەنگ هەم دڕەندە خوێنڕێژەكان هەمیش ئەوانەی پشتیوانی لە ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەكەن، تێدەگەن كە تیرۆر لە ئایندەی ناوچەكەماندا شوێنی نابێتەوە.”
درەنگانی شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی لە هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كرد و وەزارەتی بەرگری توركیا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەم هێرشەی (لە پێناو شەهیدەكانمان) ناو بردووە و دەڵێ “لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی ئەنجامدران ٢٩ ئامانج كە پێكهاتوون لە ئەشكەوت، حەشارگە، پەناگە، دامەزراوەی نەوت و كۆگا لەناوبران.”
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی رۆژئاوای كوردستان، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی چەندین كێڵگەی نەوتی و خزمەتگوزارییەكانی گوندەواری قامیشلۆ و دێركیان كردووە .
هاوكات لەسەر ژمارەی كوژرانی سەربازانی توركیا، هێزەكانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی pkk لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماری جیاواز دەخاتە ڕوو و ئاشكرای دەكات كە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو 36 سەربازی توركیان لە ناوچەكانی شەڕ كوشتووە.